نووسینگەی وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە رۆژی چوارشەممە 20ی تەمووز کرایە سەر هاوینەهەوارێک لە گوندێکی سەربە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و لە ئاکامیدا نۆ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، “سکرتێری گشتی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر ناوچەیەک لە قەزای زاخۆ و لە ئاکامیدا نۆ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون”.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سکرتێری گشتی داوا دەکات لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد لە رووداوەکە بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئهنتۆنیۆ گوتیرێس سەرەخۆشی خۆی بە كەسوكاری قوربانیانی رووداوەکە گەیاندووە كە لە هێرشەكەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە.