نەتەوەیەکگرتووەکان: نزیکەی 13 ملیۆن هاووڵاتی ئۆکراینایان جێهێشتووە

نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند نزیکەی 13 ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھەڕەشەی جەنگەوە لە ئۆکراینا ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە.

شارەزایانی مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بە زیادبوونی ژمارەی پەنابەرانی ئۆکراینی نیشاندا.

ھەر لە راگەیاندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا نزیکەی 12 ملیۆن 800 ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھەڕەشەی جەنگەوە لە ئۆکراینا ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە و لەکاتێکدا حەوت ملیۆن 700 ھەزار کەس لەو ژمارەیە بەرەو ناوچە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کۆچیان کردووە، زیاتر لە پێنج ملیۆنی دیکەش پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی درواسێ.

لە راگەیاندراوەکەدا ھەروەھا باس لەوەش کراوە کە بارودۆخی دەروونی بەشێکی زۆر لەو ھاووڵاتییانەی دەربدەربوون خراپە و پێویستیان بە پشتیوانی بەپەلە و راوێژکاری دەروونی ھەیە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێویستە گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی زیاتر لەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە بکەن کە بەناچاری وڵاتەکەیان جێھێشتووە و ھاوکاری مرۆیی زیاتریان پێشکەش بکەن.

لەلایەکی دیکەوە لە پێگەی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دواین ئامار لەبارەی ژمارەی ھاووڵاتیانی مەدەنی بڵاوکراوەتەوە و ھاتووە لە 24ی شوباتەوە تا ئەمڕۆ سێ ھەزار و 280 مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و سێ ھەزار و 451ی دیکەش برینداربوون.

ھەروەھا ئاماژە بەوە کراوە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زۆر زیاتر بێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو زۆربەی ئەو کەسانە بەھۆی بۆردومانی فڕۆکەکان، تۆپباران و ھێرشی مووشەکییەوە گیانیان لەدەستداوە.