نەبوونی کارەبا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تاقەتی لە دانیشتووانی بەسڕە نەهێشتووە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ 50 پلەی سیلیزی، لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق وەک پێویست کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین ناکرێت.

گەرمای تاقەتپڕوکێن کاریگەری لەسەر تەواوی عێراق دروست کردووە، پارێزگای بەسرەش کە دەکەوێتە باشووری وڵاتەکە، لەپاڵ گرفتی بەرزی پلەکانی گەرما بەدەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنێت.

لە پارێزگای بەسڕە پلەکانی گەرما دەگاتە 50 پلەی سەدی، لە پاڵ ئەوەشدا بەهۆی خراپی ژێرخانی پارێزگاکەوە وەک پێویست کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین ناکرێت، ئەم رەوشەش بووەتە هۆی ناڕەزایی هاووڵاتییان و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ناوبەناو دانیشتوانی پارێزگاکە خۆپیشاندان دەکەن.

لەوبارەیەوە هاووڵاتی فەرقات حەلاق لەبارەی نەبوونی کارەبا و کیشەی ژێرخانی شارەکە دەڵێت، "رۆژانە تەنها سێ کاتژمێر کارەبا هەیە. ئاوی بەسڕەش زۆر سوێرە و ناتوانین خۆمانی پێبشۆین. کشتوکاڵیش لە رەوشی چەقبەستندایە".

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی نیشتەجێی بەسرە بە ناوی عەبدولجەبار ساڵح، لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە بەهۆی گەرماوە ناتوانن لە ماڵ بێنەدەرەوە و وتیشی، "کارەبا نییە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و زۆری شێ، تووشی نەخۆشییەکانی پێست دەبین و دەبێت سەردانی پزیشک بکەین. بەهۆی گەرماشەوە بازاڕەکان بێجموجۆڵن و ژیان وەستاوە".

جێگەی ئاماژەپێدانە کە عەبدولجەبار ساڵح، ئاماژەی بەوەشدا کە پارێزگای بەسرە بەتەنها لە سەدا 90ـی داهاتی نەوتی هەموو عێراق دابین دەکات، وێڕای ئەوەش پارێزگاکە بەدەست هەژاری و برسێتییەوە دەناڵێنێت.