نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دەربڕینی هاوخەمی بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای عەنتاب لە تورکیا.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 14ی شوباتی 2023، سەرۆکی هەرێم سەردانی چەند شارێک لە تورکیا بکات کە لە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوباتدا زیانی گەورەی گیانی و ماڵییان بەرکەوتووە. هاوکات لەگەڵ تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری هەرێم کۆدەبێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆدەبێتەوە. دواتر دەگەڕێتەوە هەرێم.
رۆژی یەکشەممە بەرواری 12ـی ئەم مانگە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی سەردانی کۆنسوڵخانەی تورکیای لە شاری هەولێر(ئەربیل) کرد و پەیامی هاوخەمی خۆی لە تۆماری پرسهی تایبەتی کۆنسوڵخانەدا نووسی.