نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئامارەکانی نەورۆزی بڵاوکردەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئامارەکانی نەورۆزی بڵاوکردەوە

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئامارەکانی نەورۆزی بڵاوکردەوە

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، ئامارەکانی نەورۆزی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لە رۆژانی نەورۆز منداڵێک بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و 8 کەسیش برینداربوونە.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئامارەکانی نەورۆزی بڵاوکردەوە
0

لایک

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، ئامارەکانی نەورۆزی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لە رۆژانی نەورۆز منداڵێک بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و 8 کەسیش برینداربوونە.

لە راگەیەندراوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر (ئەربیل)، راشگەیەندراوە کە لە رۆژانی نەورۆزدا 21 تاوان ئەنجامدراوە و 19 تاوانبار دەستگیرکراوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر (ئەربیل):

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز کە لەلایەن پارێزگای هەولێر و لێژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، هەروەها دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسودە و سەلامەت لەچونە سەیران و پابەندبونی هاوڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لەسەیرانگە و شوێنە گشتیەکان، ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 

یەکەم/ گەشت و گوزار:-

لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕووی گەشتیاران، وەکو پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بەمەبەستی پێشوازی کردن لەگەشتیاران لەدەروازەکانی هەولێر، هەروەها چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاری لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و چاودێریکردنی میوانخانەو چێشتخانەکان بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری تەواو بەگەشتیاران، ئەمە جگە لە ڕاسپاردنی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی چێشتخانەکان بۆ ئەوەی لەڕۆژانی جەژنی نەورۆز کراوەبن. لە ماوەی 10ڕۆژی ڕابردوودا لە 3/15 تاوەکو 3/25، (100686) سەد هەزار و شەش سەد و ھەشتا و شەش گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە. 

دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-

پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لەشەقامەکان و سەیرانگاکان جێبەجێکران، بەوشێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاوڵاتیان لەکاتی چون وگەڕانەوەیان لەسەیرانگاکان توشی ئاستەنگی هاتووچۆی گەورە نەبوون، وەتەنها قەرەباڵغیەکی ئاسایی لەسەر ڕێگایەکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکاران پەیدابوو، سەبارەت بەڕوداوەکان لە 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆز بەداخەوە (6) ڕوداوی هاتووچۆ ڕوویاندا کە لەئەنجامیاندا بەداخەوە(8)کەس برینداربون و (1) منداڵ گیانی لەدەستدا.

سێیەم/ پۆلیسی هەولێر:-

سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیرو گرفت تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوو، لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ئاماری تاوانەکان بەمشیوەیەی بوو، (21) تاوان تۆمارکراوە، (19) تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران دەستگیرکراون، (2) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

چوارەم/ بەرگری شارستانی:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (3) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

ویڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا، لێرەوەش جارێکی تر وەکو پارێزگای هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان و دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها دەست خۆشى لە پۆلیسى دارستان و تیمەکانی شارەوانی لەسەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین،  کە لە سێ ڕۆژەی جەژنی نەورۆز لەپێناو پاراستن و هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان بۆ پاک ڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەکان لەئەرکدابوون.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر