نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: برسیه‌تییه‌كی توندی جیهانی به‌ڕێوه‌یه‌

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندوە، پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ک بۆ كۆتاییهێنان به‌ رێگرییه‌كانی رووسیا له‌ هه‌نارده‌كردنی دانه‌ووێڵه‌ی ئۆكرانیا، چونكه‌ "ئه‌گه‌ر په‌له‌ نه‌كرێت له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک، ئه‌وا جه‌نگێكی گه‌وره‌تر له‌ جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیا رووبه‌ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش قه‌یرانی خۆراک و برسییه‌تییه‌".

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Sky News، ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندوه‌، پێویسته‌ به‌رپرسانی ته‌واوی جیهان كۆببنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی خێرا بیر له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یەک بكرێته‌وه‌، چونكه‌ برسیه‌تییه‌كی توند و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی خۆراک به‌ڕێوه‌یه‌.

وتیشی، "قه‌یرانێكی زۆر توندی برسییه‌تی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی به‌ڕێوه‌یه‌ و جه‌نگی ئۆكرانیا و كێشه‌كانی پیسبونی ژینگه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هۆكارگه‌لێكن بۆ ئه‌وه‌ی برسیتی و قه‌یرانی خۆراک ته‌واوی جیهان بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌له‌ نه‌كرێت له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ ئه‌وا جه‌نگێكی گه‌وره‌تر له‌ جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیا رووبه‌ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه‌".

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "هه‌ریه‌كه‌ی له‌ رووسیا و ئۆكرانیا رێژه‌ی 29%ی دانه‌وێڵه‌ی جیهان دابین ده‌كه‌ن، پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی خێرا رێككه‌وتنێک له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا واژبكرێت و به‌خێرایی دانه‌وێڵه‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی جیهان بگوازنه‌وه‌".

ئەوەشیخستەڕوو، "ئه‌وه‌ی ئێستا ته‌واوی جیهان و ئێمه‌ش رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌، تاوانێكه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی له‌ ئه‌ستۆی رووسیایه‌، چونكه‌ رووسیا رێگره‌ له‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌نارده‌ بكرێت و به‌ نهێنیش به‌ره‌و رووسیای ده‌گوازێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا تاوانێكه‌ دژ به‌ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی".