نزیکەی 800 ملیۆن دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو تەرخان دەکرێت

نوسینگەی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، بەگوژمەی 792 ملیۆن و 272 ھەزار دینار، بەردی بناغەی دروستکردنی پڕۆژەی دوو پرد لەشاری ھەولێر دانرا.

لە راگەیەندراوێکدا نوسینگەی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بەوەکرد کە لەچوارچێوەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای ھەولێر و به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو و كه‌مكردنه‌وه‌ی زیان و مه‌ترسییه‌كانی، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پارێزگار ئومێد خۆشناو، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی دوو پرد لەنزیک مزگەوتی بیلال خەیلانی و نزیک شاری زیلان لەشاری ھەولێر به‌ گوژمەی 792 ملیۆن و 272 ھەزار دینار دانرا کە ماوەی تەواوکردنیان 120 رۆژە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دروستکردنی ئەم دوو پردە جگە لەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی لافاو، ئاسانکاریش دەبێت بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان، ھیوادارین بە گوێرەی ئەو پلانەی کە داڕێژراوە ھەردوو پڕۆژە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا بە کۆتا بێت".

پارێزگار ئومێد خۆشناو راشیگەیاندووە، "ئەمساڵ بۆ پێشگرتن لە دووبارە روونەدانەوەی لافاو چەندین رێکار و پڕۆژە لەسنووری پارێزگای ھەولێر دەستپێدەکرێت، کە لەم چەند رۆژەی داھاتوودا لە رێگای پیرمام و نزیک لەو شارانەی کە لەساڵی رابردوودا لافاویان تیاییدا روویدا، ھەروەھا لە بنەسڵاوە، ئەوە جگە لەوەی چەند شوێنێکی تر چەند بەرنامەیەکی دیکەمان ھەیەکە لەمنزیکانە دەستیان پێدەکرێت لەوانە کردنەوەی سەرەمەنھۆڵەکان لەناو شاری ھەولێر، بەدڵنیاییەوە ھەموو ئەو پڕۆژانەش ئامانج لێی کردنەوەی رێڕەوەکان و پێشگرتنە لەدووبارە روونەدانەوەی لافاو".