ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردە و نوێنەری حزبەكان و پلاسخارت ئاشكراكرا

گەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و باشكردنی دۆخی ئابوریی هاووڵاتییان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردە و نوێنەرانی حزب و لایەنەكانی هەرێم لەگەڵ نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بوون، وەک بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە ئاشكرایكرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هەولێر(ئەربیل) سەركردە و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كۆبوونەوە، یەكێک لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی ئاشكراكرد و وتی، "بارودۆخی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە".

سەڵاحەدین بابەكر كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند، “لە كۆبوونەوەكەدا زۆر راشكاوانە دەستخرایەسەر كێشە و قەیرانەكان و ئەو گرفت و بنبەستە سیاسییەی ئێستا هەیە، بە پێویست زانرا كێشەی مووچە چارەسەربكرێت و بەشێک لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان بگەڕێندرێنەوە”.

وتیشی، ناوەڕۆكی گفتوگۆكان ئەوە بوو كە “لایەنەكان پێكەوە گفتوگۆبكەن و هەڵبژاردنێكی پاک و ئازاد ئەنجامبدرێت و یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە”.

بەپێی وتەی سەڵاحەدین بابەكر، نەتەوە یەكگرتووەكان و جێنین پلاسخارت-ی نێردەی تایبەتیی ڕێكخراوەكە لە عێراق، “دەیانەوێت نزیككردنەوە لە بۆچوونی لایەنەكاندا بێتە ئاراوە و هەموو كێشەكان چارەسەربكرێن و كۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنرێت”.

كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە وەک نوێنەری حزبەكەی بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە، لەبارەی هەنگاوی داهاتووی سەركردەی حزب و لایەنەكانەوە ئاشكرایكرد، بڕیاردرا كۆبوونەوەیەكی تر رێكبخرێت و خاڵەكانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی تیادا تاوتوێبكرێن و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.