سکرتێری گشتی ناتۆ ئاشكرای دهكات، مەترسی ئەوە هەیە رووسیا چەکی کیمیایی، بایۆلۆجی و ئەتۆمی لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت.
یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە دوای لوتکەی ناتۆ کە ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری تیادا کردبوو رایگهیاند، سیستەمی بەرگری کیمیایی، بایۆلۆجی، و ئەتۆمی ناتۆمان لە دژی هەر هێرشێکی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا چاڵاککردووە.
ئاماژهی بهوهشكرد، جەنەراڵ وۆڵتەر، فەرماندەی باڵای سەربازی ناتۆ سیستەمی بەرگری کیمیایی، بایۆلۆجی، تیشکیدەر و ئەتۆمی چاڵاککردووە.
ئەوەشی روونکردەوە، هاوپەیمانەکانمان سیستەمی بەرگری زیاتری کیمیایی، بایۆلۆجی، و ئەتۆمی زیاتر و گرووپ و یەکەی جەنگی زیاتر رەوانە دەکەن و زیلێنسکی-ش داوای لە ناتۆ کردووە %1ـی ئەوەی هەمانە بدەینە ئۆکرانیا.
سكرتێری ناتۆ وتیشی، “رووسیا چەند جارێک ناتۆ و ئەمهریکا بەوە تۆمهتبار دەکات کە تاقیکرنەوەی بایۆلۆجی و کیمیایی لە تاقیگەکانی ئۆکرانیا ئەنجام دەدەن وەک ناتۆ بەتەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە.
پێمانوایە ئەمە پاساوێکی پێشوەختەی رووسیایە بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە لە ئۆکرانیا، چونکە پێشتر رووسیا هاووڵاتیانی خۆی ژەهراویکردووە و لە سووریاش هاوکاری رژێمی ئەسەدی کردووە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر به خەڵکی سووریا”.
ستۆڵتنبێرگ تایبەت بە یارمەتییەکانی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا وتی، “من ناچمە ناو وردەکاری کە چی دەدەینە ئۆکرانیا بەڵام بەهەموو شێوەیەک لە ئاسمان و زەوی و دەریا و لەرووی پاراستنی سایبەر-یشەوە هاوکاری ئۆکرانیا دەکەین”.