ناتۆ: سەرباز بۆ ئۆکراینا نانێرین

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند "له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه‌ ھیچ ئاماژەیەک له‌باره‌ی سه‌رڕاستیی رووسیا لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکراینا نابینین".

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند "له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه‌ ھیچ ئاماژەیەک له‌باره‌ی سه‌رڕاستیی رووسیا لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکراینا نابینین".

یەنس ستۆڵتنبێرگ لەدوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ناتۆ نابێتە لایەنێک لە شەڕی ئۆکراینا.

ئاشكراشیكرد، سەرباز بۆ ئۆکراینا نانێرن و یەکە سەربازیی وشکانی و ئاسمانییەکانیان لە ئۆکرانیا ئەرک بەجێناگەیه‌نن.

لە وەڵامی پرسیاری ئایا ئۆکراینا له‌ وه‌ڵامی رێکەوتنی لەگەڵ رووسیا لە ھەڵوێستی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ "ساردبووەتەوە یان نا"، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگه‌یاند:

"ساڵانێکە ھەمان ئەو پەیامەمان بۆ ئۆکراینا ھەیە. ئۆکراینا وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە، مافی ھەڵبژاردنی رێگای خۆی هه‌یه‌. رێز لە بڕیاری ئەو حکوومەتە دەگرین کە بەشێوەیەکی دیموکراتی لە ئۆکراینا ھەڵبژێردراوە. ئەندامبوون یان نەبوون لە ناتۆ پرسێکە لای ئەوان و ٣٠ ئەندامی ناتۆیە. رووسیا، مافی ڤیتۆی لەو پێواژووەدا نییە".

یەنس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە پاڵپشتیی ھەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی رووسیا و ئۆکراینا دەکەن و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە سه‌رڕاستیی رووسیا لە دانوستانەکانی چارەسەری قەیرانەکە لەگەڵ ئۆکراینا.

وتیشی " له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه‌ ھیچ ئاماژەیەک له‌باره‌ی سه‌رڕاستیی رووسیا لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکراینا نابینین. لەبەر ئەمە داوا لە رووسیا دەکەین کە بە نیازێکی باشەوە دانوستانەکان بەڕێوەببات. ناتۆ لایەنێکی ئەم دانوستانانە نییە. ھەندێک ھەواڵ دەربارەی ئەم دانوستانانە دەبیستین بەڵام لەو بڕوایەدام کە گرنگە پێشبینی بۆ ئەنجامی ئەو دانوستانانە نەکرێت".