مەسک گشت پشکەکانی کۆمپانیای تویتەر دەکڕێت!

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، گەیشتە رێککەوتن بۆ کڕینی کۆمپانیای تویتەر بەبڕی 44 ملیار دۆلار و ئاماژە بەوەشدەکات، ئازادى رادەڕبڕین لە تویتەرەوە بەرەوپێش دەبات.

لەو راگەیەندراوەی کە لە تویتەرەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر فرۆشتنی ھەر پشکێکی کۆمپانیاکە بە بڕی 54،2 دۆلار بە ئیلۆن مه‌سک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە دوای کۆتایی ھاتنی رێکارەکانی فرۆشتن تویتەر دەبێـت بە کۆمپانیایەکی تایبەت.

لێدوانی مەسک لە راگەیەنراوەکەدا خراوەتەڕوو و وتویەتى،"ئازادی رادەربڕین، بەردی بناغەی دیموکراسییەکی کارایە و تویتەر بۆ داھاتووی مرۆڤایەتی ناوەندێکی دیجیتاڵیی شارە بۆ گەنگەشەکردنی پرسە گرنگەکان".

مه‌سک ئاماژەی بەوەکردووە کە دەیەوێت تویتەر لە ھەموو سەردەمێک باشتر بکات و رایگەیاند تویتەر خاوەنی توانای مەزنە و بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا و بەکارھێنەرانی دەکات.

مەسک کە پێشتر %9.2ـی پشکەکانی تویتەری کڕیبوو لە پەیامێکیدا لە 14ی نیسان پێشکەش کردنی پێشنیارێک لەسەر کڕینی تەواوی تویتەر بە بڕی 54،2 دۆلار بۆ ھەر پشکێکی راگەیاندبوو.

لەسەدەى 21دا تائـێستا ئەوە گەورەترین پشکە لە بۆرسەى جیهانیدا کڕدرابێت، شەش مانگیشى لەبەردەم ستافى تویتەر داناوە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و مافەکانیان و بونیادنانى داهاتوویەکى نوێ بۆ تویتەر.