مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کلاوس شترایشەر، کۆنسولی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەولێر، جێبەجێکردنی رێککەتننامەی شنگال، بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراقیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی کردووە لە کۆنسولی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەولێر، کلاوس شترایشەر و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی ئاڵوگۆڕ کراوە، ھەروەھا رۆشنایی خراوەتەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و بەرنامەی کاری حکوومەتی نوێی عێراق.
باسی لەوەش کردووە کە جەخت کراوەتەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئاسایی کردنەوەی شنگال، ئەویش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ دەڤەری شنگال و کۆتایی ھاتنی بارودۆخی ئاوارەیی خەڵکی دەڤەرەکە و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەڕەشەکانی تیرۆر و لەوبارەیەوە کۆنسولی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەولێر ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە وڵاتەکەی لە شەڕی تیرۆردا بە ھاوبەش و پشتیوانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە و سەقامگیریی و پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان بەلای ئەڵمانیاوە بایەخی تایبەتی ھەیە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعود بارزانی ھەر سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کردووە کە لە شەڕی دژبە تیرۆردا، یارمەتی گەلی کوردستانیان داوە و پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئەڵمانیای بەمێژوویی و دۆستانە وەسف کردووە.