مەسعود بارزانی: دەبێت مافی پێکهاتە نەتەوەیی وئاینییەکان لە هەڵبژاردندا پارێزراو بێت

بارەگای بارزانی رایگەیاند، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان کرد.

لە راگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی 8ـی 2022، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق کردووە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بۆنەی یادی 39 ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵی خۆی لە ناوەندە نێودەوڵەتیییەكان دەدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە".

شایەنی باسە لە دانیشتنەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهاتەكان ئاڵوگۆڕ كراوە و، "جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دەستوور بنەمای لەیەكتێگەیشتن بێت".

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بریتی بووە لە قسەکردن لەسەر بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەبێ بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت و دەبێ مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش پارێزراو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت".