مەسرور بارزانی: لێکۆڵینەوەی جیدی لەبارەی جۆری غاز و رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکرێت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن بکەن و لێکۆڵینەوەی جددی و ورد لە بارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاندوە، "سەربەلەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هۆکاری رووداوەکانی تەقینەوەی غاز لە سلێمانی و دهۆک کرد."

ئاماژە بەوەشکراوە "لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی قووڵی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ڕووداوەکان خواست".

هاوکات بەپێی راگەیەندراوەکە، "سەرۆکی حکومەت بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، باسی لە گیانفیدایی و قوربانیدانی رائید عەلی بەرواری جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک و پۆلیسە هاوکارەکانی کرد کە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەتی قوتابییان، خۆیان کردە قوربانی".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکە هاتوە، "سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن بکەن و لێکۆڵینەوەی جددی و ورد لە بارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی رووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن، تا دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەکارهێنانی سیستەمەکە لەو شوێنانەی بەکاردەھێنرێت، رابگیرێت".