مەسرور بارزانی: قوربانیدانی مامۆستایان بووە هۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسرور بارزانی: قوربانیدانی مامۆستایان بووە هۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن

مەسرور بارزانی: قوربانیدانی مامۆستایان بووە هۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
مەسرور بارزانی: قوربانیدانی مامۆستایان بووە هۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن
0

لایک

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، سوپاسێکی بێ پایەنی مامۆستایان دەکەم، کە لەم دوو ساڵەی رابردوو بە لە خۆبوردویی و ئەرکی بێوچانەوە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بکەن، نەیانهێشت قەیرانەکان خوێندن پەکبخەن، بەردەوامی ئەوان وایکردووە لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بین.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە قوتابخانەی ئەیلوول لە قەزای بەردەڕەش، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە وتارێکدا وتی: “من پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەکەم بۆ دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندن، ئومێدەوارم هەمووتان ساڵێکی نوێی سەرکەوتوو تەواو بکەن، بۆ ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ دێنە قوتابخانە قۆناغێکی نوێی ژیان دەستپێدەکات، بۆ قوتابیانی دیکەش کە لە ساڵانی رابردوو بەردەوام بوون لە خوێندن، ئەمە درێژەپێدەری ئەو پرۆسەی خوێندنە کە هەموومان پێویستمان پێیە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی زیرەک و تێگەیشتوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ، وتیشی: “سوپاسێکی بێ پایەنی مامۆستایان دەکەم، کە لەم دوو ساڵەی رابردوو بە لە خۆبوردویی و ئەرکی بێوچانەوە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بکەن، نەیانهێشت قەیرانەکان خوێندن پەکبخەن، بەردەوامی ئەوان وایکردووە لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بین، سوپاسی کەسوکاری قوتابیان دەکەم کە یارمەتی منداڵەکانیاندا بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و ئەو بەرپرسانە دەکەم کە هاوکاربوون بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن”.

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی وتارەکەیدا، رایگەیاند: “دەزانم لەم دوو ساڵەی رابردوو رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، لەم دواییەش چەندین قەیرانی دیکە لە جیهان سەریان هەڵەدا، کە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان هەبووە، بەتایبەتی کاریگەری لە ئابووری وڵاتان کردووە، ئێمە لە کوردستان رەنگە زیاتر هەستمان بەو سەختیە کردبێت، سەرەڕای ئەو قەیرانانە ئێمە توانیمان خۆڕاگربین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، سوپاسی تاک بە تاکی هاووڵاتیانی کوردستان بە تایبەتی مامۆستایان دەکەم، کە بەردەوام بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر بەو هەموو سەختیەی ژیان، کە چەشتوویانە، بەڵام دڵنیابن حکومەتی هەرێم درێغی نەکردووە و درێغیش ناکات، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی هەن چارەسەریان بکەین، ئەمە قۆناغێکی درێژخایەنە و رەنگە ئێمە نەتوانین بە شەو و رۆژێک هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، دەزانم هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە گرفتی هەیە، سەختییەکانی ژیان بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی رابردوو دیاربووە”.

مەسرور بارزانی، وتی: “ئێمە هەوڵدەدەین ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستاندا دروست بکەین، ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوو هەوڵمان بۆیداوە لەوانەیە زۆر نەبیندرابێت، بەڵام ژێرخانێک بووە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەردەکەون، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ئێمە ئابوورییەکمان هەبێت کە بتوانێت دەرفەتی کار دروست بکات، هەموو هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە سەرکەوتووبێت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەی داهاتوو دروست بکەن”.

سەبارەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا: “هەوڵمانداوە چەندین قوتابخانەی نوێ دروستبکەین یان نۆژەن بکەینەوە، حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێکردووەو پێویستە سوپاسی کەرتی تایبەت بکەم کە یارمەتیدەری حکومەت بووە لە دروستکردنی هەندێک لەو قوتابخانانە، هیوادارم بەردەوامبن لە یارمەتیدانی حکومەت و رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان”.

راشیگەیاند: “حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی دەستپێکردووە، بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتی و خۆشەویستی بۆ وڵات و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی پێبدەین”.

سەرۆکی حکومەت، لەو وتارەیدا بە قوتابیانی وت: “ئێوەی قوتابیانی خۆشەویست دوارۆژی وڵاتەکەمانن و داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەوێتە دەست ئێوە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “ئەمڕۆ ئێمە لە قەزای بەردەڕەشین کە ناوچەیەکی دیاری بەرهەمداری کشتوکاڵییە، لە ماوەی رابردوو وەکو حکومەتی هەرێم گرنگی زۆرمان بەوەداوە کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین، لەم دەڤەرە پەتاتەیەکی زۆر بەرهەم دەهێندرێت و هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، پێویستمان بە جووتیار و زانستی باشتر و ئەندازیاری باشتر هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە لە ئەمڕۆ و لە ئێوەوە دەستپێدەکات، ئەگەر بتوانن لە خوێندن سەرکەوتووبن دڵنیابن کە دەتوانن ببن بە کەسی باشتر و وڵاتەکەمان هەنگاوی باشتر بنێت”.

مەسرور بارزانی، جەختیکردەوە: “مامۆستایان بەو سەختییە نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن  پەکی بکەوێت، ئەمە جێی رێز و پێزانینە، ئەوەی حکومەت بتوانێت بۆ باشترکردنی ژیانی ئێوە درێغی ناکات، بەڵام لەوەش تێبگەن کە ئیمکانیاتی حکومەت سنووردارە، دوای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان”.