سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگهیاند، داوای له وهزارهتی ناوخۆ كردوه هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێمۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، داواش لە دادگاکان دهكات، “چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن”.
مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئهمڕۆ پێنجشهممه له پهیامێكدا بڵاویكردهوه، “ئەمڕۆ داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کرد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێمۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک”.
ئاماژهی بهوهشكردووه، “ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران و قاچاغچییان و هەلپەرستان، داوا لە خەلکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت ڕادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت، دواتر بە پێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک ڕێک دەخرێتەوە”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دهڵێت، “داواش لە دادگاکان دەکەم، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشیان دەکەمەوە کە بە هەمو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاریان دەبین”.