مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێک بەرەو بەغداد بەڕێکەوت

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەت بەرەو بەغدادی پایتەخت بەڕێکەوت.

لە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، مەسرور بارزانی لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆدەبێتەوە.

ئەوەش هاتووە، لەمیانی کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەربارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری دەکرێت.