موقتەدا سەدر پەیامێک ئاراستەی حەشدی شەعبی دەکات

لە پەیامێکدا کە لە تۆری کۆمەڵایەت تویتەر بڵاوکراوەتەوە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی ئاراستەی دەستەی حەشد شەعبی کردووە و رایگەیاندووە کە نابێت حەشدی شەعبی لەسەر هیچ بەرەیەکی سیاسی هەژمار بکرێت.

هاوکات سەدر راشیگەیاندووە کە زۆر گرنگە یەکڕیزی لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی گەندەڵی بێت وپێویستە لە یەکریزیدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی راستەقینە هەبێت.

سەدر دەشڵێت، "پێویستە یەکڕیزی لەسەر ئەو رێسا گشتییانە بێت کە لەگەڵ یاسا ئاسمانییەکان و حوکمە یاساییەکان و سیستەمی کۆمەڵایەتیدا دەگونجێت".

رێبەری رەوتی سەدر ئەوەشی وت، "ئێستا یەكڕیزیی زۆر گرنگە ئەگەر لەسەر بنەمای خۆشەویستی بۆ نیشتمان، رەتكردنەوەی وابەستەیی، چاكسازیی راستەقینە و رەتكردنەوەی گەندەڵی و گەندەڵەكان و لێپرسینەوەیان بێت".

لەبارەی حەشدی شەعبی و بۆچوونی سیاسییەوە رێبەری رەوتی سەدر ئەوەی وت، "حەشدی شەعبی لەسەر رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی هەژمار ناکرێت. دڵنیام حەشدی شەعبی هاوڕای بۆچوونەکانی منن سەبارەت بە یەکڕیزیی لە چوارچێوەی ئاسمانیی و ئایینی و مرۆیی و ئایدیۆلۆژیدا".