مه‌سرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مه‌سرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە

مه‌سرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم ، حكوومەتی هەرێم سەرەڕای چەندین قەیران، بەڵام بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازییان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامداوە.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
مه‌سرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە
0

لایک

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ راگەیاندن و لە رێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاریی و روونکردنەوەی هەڵوێستی حکوومەت لە بارەی چەندین بابەتی گرنگ.

مەسرور بارزانی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە کە هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. ئاماژەشی بەوەدا کە راگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم، پشتیوانی لە ئازادی راگەیاندن و رادەبڕین و رەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان. بەڵام لە هەمانکاتدا، پێویستە راگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، بەدەستهاتوون.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە کابینەی نۆیەم، زۆرترین زانیاریی بڵاوکردووەتەوە و روونکردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی کوردستان و رای گشتی داوە.

مەسرور بارزانی وتیشی “ئێمە لە ناوچەیەکی قەیراناوی و نائارامدا دەژین، لە ساڵانی رابردووشدا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەک کۆرۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازییمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا”. وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی پێدا، “چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەت هی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەبێ جیاوازیيش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە بارەی پەیوەندییش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە “هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و داواش دەکات مافە دەستوورییەکانی پێشێل نەکرێت”.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وەڵامی سەرنج و تێبینی و راسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و کورتەیەکیشی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.