“لە 2022 گەشەی ئابووریی عێراق بە رێژەى 9.7 دەبێت”

بانکى نێودەوڵەتیی عێراقى خستووەتە ریزبەندى یەکەمى وڵاتانى عەرەبی لە رووى زۆرترین گەشەی ئابووری و  بەرهەمى نێوخۆیی و پشکەکانى بۆ هاووڵاتیی عێراق.

بانکى نێودەوڵەتیی عێراقى خستووەتە ریزبەندى یەکەمى وڵاتانى عەرەبی لە رووى زۆرترین گەشەی ئابووری و  بەرهەمى نێوخۆیی و پشکەکانى بۆ هاووڵاتیی عێراق.

بە پێی راپۆرتی مانگی نیسانی 2022ـی بانکەکە، بەرزبوونەوە گەشەی ئابووری بۆ ئەمساڵ بە رێژەى 9.7 دەبێت، بەڵام  وەک پسپۆرانى ئابوورى دەڵێن، گرفت لە بەڕێوەبردنى ئەو کەرتە هەیە.

 %70ـی بودجەى گشتیى عێراق بۆ بەکاربردنە کە زۆربەى بۆ مووچەى فەرمانبەرانە، ئەو دۆخە وایکردووە کورتهێنان لە پارەدارکردنى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان دروستببێت. ئەو دۆخە رێگرە لەوەى عێراق هەنگاو بنێت بۆ ئابوورییەکى فرەسەرچاوە لە برى ئابووریى یەک سەرچاوە کە تەواو پشت بە داهاتى نەوت دەبەستێت.

حوسێن کینانی، لێکۆڵەرى ئابوورى ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوە ناشاردرێتەوە کە عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەندە و لە رووى نەختینەى دارایی و هەناردەى نەوتەوە کێشەى نییە، بەڵام پێشتر و ئێستاش کێشەى بەڕێوەبردنى هەیە. زیادە و جیاوازى نرخى فرۆشتنى نەوت لە بودجەیەکەوە بۆ بودجەیەکى دیکە وایکردووە کە ئەو پارە زیادانە بەفیڕۆ بچن وەک ئەوەى چۆن پێشتر زۆربەی پارەکان لە قۆناخەکانى رابردوو بەفیڕۆ چوون."

ئەمیر ساعدی کە لێکۆڵەرێکی ئابوورییە وتی، "بودجەى گشتیی عێراق زۆربەی جار زۆرینەى 70%ـی بۆ بەکاربردن دەبێت و زۆربەى بودجەکە لەدەست دەچێت و رێژەیەکى کەمى بۆ وەبەرهێنانە بۆیە پێویستیمان بەوەیە پارەیەکى زیاتر لە زیادەى فرۆشى نەوت بۆ وەبەرهێنان لە پڕۆژە ستراتیژییەکان تەرخان بکرێت کە ئەویش دەکرێت تواناى گەنجان و دەستیکار وەبەربهێنێت و بەرهەمى نیشتیمانیی زیادبکرێت."

ئەو زیادبوونە لە گەشەی بەرهەمى نێوخۆی بەهۆى بەرزبوونەوەى بڕى هەناردە و نرخى نەوتەوە بووە کە لە ئەمساڵدا نرخى یەک بەرمیل 100 دۆلارى تێپەڕاند و بڕى هەناردەى نەوتى عێراقیش گەیشتە 100 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا.

داهاتی زیادەی نەوت بەگوێرەى پێشبنییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە 17 ملیار دۆلار کە هەمان ئەو پارەیەیە بۆ بوجەى پڕۆژەیاسای پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان تەرخانکراوە، کە ئامانج لێى هاوکاریکردنى هاووڵاتییانە لە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گرانبوونى خۆراک.