“لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە”

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی شەپۆلێکی باران بارین روو لە هەرێم دەکات بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

کاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند: بەپێی پێشبینییەكان سبەینێ شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام باران بارینەکە لە رۆژانی هەیینی و شەممە چڕتر دەبێتەوە.

دەشڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە ئەگەری دروستبوونی لافاو ئاگادارکردوەتەوە و هەرچەندە ئەمە پێشبینییە، بەڵام خۆپاراستن و ئامادەکاری گرنگە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمیش رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتودا ئەگەری بارانی بەلێزمە هەیە و چاوەڕوان دەکرێت ئاستی ئاوی روبار و چەمەکان بەرزببێتەوە و داوا لە هاوڵاتییان دەکەین خۆیان ئامادەبکەن.