لە چوار پارێزگای عێراق 17 تاوانبار دەستگیردەکرێن کە ژمارەیەکیان بە ماددەی تیرۆر داواکراوبوون

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری سەربازی رایگەیاند، 17 تاوانبار دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان بە ماددەی تیرۆر داواکراوبوون.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەیاننامەیەکەدا رایگەیاندووە، "دوا بەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە و میسان، مەفرەزەکانی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەسرە، میسان، ئەنبار و نەینەوا بە هەماهەنگی هێزەکانی هەواڵگری توانرا دوای بڕیاری دادگە چوار تیرۆریست لە قەزای رومادی سەربە پارێزگای ئەنبار دەستگیر بکرێن".

ئاماژە بەوەشکراوە، "توانرا 13 تاوانبار بە تۆمەتە جیاجیاکان لە هەردوو قەزای مەجر کەبیر و مەشرەح لە میسان، لەگەڵ قەزای شنگال سەربە نەینەوا، دێر و قەرنە لە بەسرە دەستگیربکرێن".

ئەوەش هاتووە، "لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرا بەسەر 17 کلاشینکۆڤ، 4 دەمانچە، 4 چەکی قەناس، چەکێکی جۆری BKC، چەکێکی M16 و چەکێکی جی سی دروستکراوی ئێران و 6 بۆمبی دەستی".