لە چلەی ئیمامی حوسێن، سەدر پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکان دەکات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بەشداری ملیۆنان کەس لە پەیڕەوکارانی مەزهەبی شیعە لە چلەی ئیمامی حوسێن گەورەترین ئاماژەیە بۆ خواستی قوڵی خەڵک بۆ چاکسازی، کە ئیمامی حوسێن پێشەنگی داواکارانی چاکسازی و باشترکردنی ژیان خەڵک بووە.

موقتەدا سەدر ئەمڕۆ لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی بەشداربووانی چلەی ئیمامی حوسێن و هێزە ئەمنییەکان دەکات کە هاوکاربوون لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە بەشێوەیەکی باش، داواکار و ئومێدەواریشە هەمووان بە سەلامەتی بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.

راشیگەیاندووە، ئەو مەڕاسیمە لە چەند رووانگەیەکەوە گرنگی بۆ پەیڕەوکارانی مەزهەبی شیعە هەیە چونکە پابەندبوون دروشم و بنەماکانی ئایین زیاتر دەکات و بەشداری زیاتری خەڵکیش، ئاماژەیە بۆ ئەو ستەمەی بەرامبەر ئیمامی حوسێن کراوە و خۆشەویستانی بنەماڵەی پێغەمبەریش رۆژ بە رۆژە لە زیادبووندان، هەروەها مەراسیمەکە دووپاتیکردەوە کە "عێراق کۆڵەکەی بەرگر و ناوەندی مەزهەبە بۆ ئەوەش سوپاسی خودا دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا دەکات لەکاتی مەڕاسیمەکانی چلەی ئیمامی حوسێن ژنان پابەندبن بە پۆشینیی حیجاب و جلوبەرگی شەرعیی و رێگری بکرێت لە تێکەڵاوبوون، هەروەها جەختبکرێتەوە لەسەر شۆڕشی ئیمامی حسێن کە ئامانجی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوو.