لە پەرلەمانی عێراق واژۆ بۆ دوورخستنەوەی وەزیری دارایی بە وەکالەت لە پۆستەکەی کۆدەکرێتەوە

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق واژۆ لەسەر داواکارییەک کۆدەکەنەوە، بۆ ئەوەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران ناچار بکەن ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى دارایی بەوەکالەت لە پۆستەکەى دووربخاتەوە، بەهۆى ئەوەى چەند جارێک داوای لێکراوە بێتە پەرلەمان، بەڵام ئامادە نەبووە.

ئەو واژۆیانە 10ى تشرینى یەکەمی 2022، لەلایەن فالح خەزعەلی، ئەندامى فراکسیۆنى سەنەد کۆکراوەتەوە کە هاوکات ئەندامى لێژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراقە.

بەپێی نووسراوێک کە 52 ئەندامى پەرلەمانى عێراق واژۆیان کردووە، تیایدا داوا دەکەن کە بڕیارێک لە پەرلەمانەوە دەربکرێت بۆ ناچارکردنى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران بە لادانى ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى دارایی بەوەکالەت لە پۆستەکەى بەهۆى ئەوەى، ئەو وەزیرە سەرەڕاى ئەوەى داواى لێکراوە ئامادە بێت، بەڵام پەیوەست نەبووە بە یاسای ئەنجومەنى نوێنەران و پێکهاتەکانى و پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، ئامادەى چەندین کۆبوونەوەى پەرلەمان نەبووە.