لە پارێزگای هەولێر 138 بیری نوێی ئاو لێ دەدەرێن

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 06ـی 2022 جەختی کردەوە کە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی و کەمئاوی لە هەولێر، کابینەی نۆیەم زیاتر لە 7 ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو تەرخانکردبوو، تاوەکو ئێستاش 40 بیر لێدراون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم رایگەیاند، کەمیی رێژەی بارانبارین کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر ژینگە و هاووڵاتییان دروست کردووە، کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی یەکێکە لە مەترسییەکان.

لەمبارەیەوە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە کێشەی کەمئاوی بەتایبەت لە وەرزی هاویندا ڕوودەدات. لەم وەرزە چەند هۆکارێک هەن، یەکێک لەوانە زیادبوونی خواستە لەسەر ئاو، بابەتێکی دیکەش خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت و ڕێژەی پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە لە شارەکان ئەوەش وا دەکات بەرھەمی ئاومان کەم ببێتەوە لە هاویندا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاند، لە پارێزگای هەولێر کەمئاوی زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە هەستی پێ دەکرێت و تەنیا لە ماوەی ئەمساڵیشدا لە تەواوی پارێزگاکە نزیکەی 300 بیری ئاو وشکیان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگای هەولێر پلانی تایبەتی داناوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمئاوی.

هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئێمە دوو پلانمان هەیە: پلانی هەنووکەیی، ئەوەیە کە دەستبەجێ پێویستە، پلانێکی درێژخایەنیشمان هەیە. پلانە هەنووکەییەکە ئەوەیە کە بەراستی بە لێدانی بیری زیاترە، بابەتی درێژخایەنیش بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی لە شاری هەولێر، ئەوە پرۆژەیەکی ستراتیژییە کە بەراستی پارەیەکی ستراتیژیشی دەوێ کە کێشەیەکی ستراتیژییش چارەسەر دەکات. چارەسەر بۆ ئەوەی بەراستی لە ساڵانی داهاتووش تووشی کەمئاوی و قەیرانی ئاو نەبین.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردەوە کە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی و کەمئاوی لە هەولێر، کابینەی نۆیەم زیاتر لە 7 ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو تەرخانکردبوو، تاوەکو ئێستاش 40 بیر لێدراون.