لە پارێزگایەکی عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە

گۆڕێكی بەكۆمەڵی تر لە باشووری عێراق دۆزرایەوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو.

گۆڕێكی بەكۆمەڵی تر لە باشووری عێراق دۆزرایەوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو.

ئەمڕۆ شەممە عەبدولئیلاهـ نائی بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان رایگەیاند، گۆڕە بەكۆمەڵەكە لە پارێزگای نەجەفە و پێشبینیدەكرێت روفاتی زیاتر لە 100 كەسی تیادابێت.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس كە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی رووماڵكردووە ئاشكرایكرد، تا ئێستا روفاتی 15 كەس لە گۆڕە بەكۆمەڵەكە دەرهێنراون، بەڵام كۆی قوربانییەكان ژمارەیان 100 كەسە.

فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، قوربانییانی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكە لە كاتی راپەڕینی ساڵی 1991دا كوژراون و لەو گۆڕە كۆمەڵەدا نێژراون.

بەپێی ئامارەكان زیاتر لە یەك ملیۆن قوربانیی دەستی رژێمەكەی سەدام حسێن لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراقدان. سەرباری قوربانییەكانی سەردەمی رێكخراوی داعش كە ژمارەیان 12 هەزار كەسە و بەسەر 200 گۆڕی بەكۆمەڵدا دابەشكراون.