لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی كەمئاوی دەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  •  لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی كەمئاوی دەکرێت

 لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی كەمئاوی دەکرێت

بە ئامادەبوونی وەزیرەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار و کارەبا و پارێزگاری هەولێر، پلانی پێشوەختە دانرا بۆ رێگری لە کەمئاوی شاری هەولێر (ئەربیل).

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
 لە هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی كەمئاوی دەکرێت
0

لایک

بە ئامادەبوونی وەزیرەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار و کارەبا و پارێزگاری هەولێر، پلانی پێشوەختە دانرا بۆ رێگری لە کەمئاوی شاری هەولێر (ئەربیل).

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی نیسانی 2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەم ئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكان لە شاری هەولێر لە وەرزی هاویندا بەڕێوەچوو.

لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئاماژە بەوە دراوە، کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 بڕیاریدا بە خەرجكردنی (7,654,590,686) حەوت ملیار و شەش سەد و پەنجا و چوار ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد هەزار و شەشسەد و هەشتاو و شەش دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كەم ئاوی لە شاری هەولێر (ئەربیل).

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن كە بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گوشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر پێكدەهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی بەردەم كەم ئاوی.

بەو پێیە “138 بیری ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و دەوروبەری لێدەدرێت و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دابیندەکرێت، سەڕەڕای دابینکردنی بودجە بۆ کاتی فریاکەوتن”.

هەروەها بڕیاردراوە، بە نەهێشتنی زێدەڕویی سەر تۆڕەکانی ئاو و کارەبا لەگەڵ گرتنەبەری چەند ڕێكارێكی دیكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەم ئاوی.