لە هەرێم بانكێک داده‌مه‌زرێت به‌ بانكه‌ عێراقی و جیهانییه‌كان ده‌به‌سترێته‌وه‌

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت، كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێم، دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کردنەوەى پێشینەكان بۆ هاووڵاتیان و واڵاکردنی دەرگا بۆ بانكەكان تا بکرێنە سیستەم و بە بانکە عێراقى و جیهانییەکان ببەسترێنەوە.

مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێم، به‌ پێگەی فەرمی حكومەتی هه‌رێمی راگه‌یاندووه‌، بانكی نیشتمان بانكێكی حكومییە، بە یاسای بانكی ناوەندی عێراقی دادەمەزرێت، رێككارەكانی دامەزراندنی دەستپێكراوە و كارەكانی لە هەرێم بە سەرمایەى نزیک بە 250 ملیار دینار كۆتایی هاتووە.

هه‌روه‌ها وتی، " 2 ملیار دینارمان بە کاش لە بانكی ناوەندی عێراقی لە هەولێر داناوە، تەنیا لەسەر بانكی ناوەندی عێراقی ماوەتەوە كە مۆڵەتمان پێ بدات بۆ ئەوەی كارەكانمان ئەنجامبدەین و دەست پێ بكەین".

له‌باره‌ی سوودی بانكی نیشتمان بۆ هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ده‌ڵێت: "كە مۆڵەت لە بانكی ناوەندی عێراقی وەردەگرین، واتە هەموو ئەو كارانەی بانكی ناوەندی عێراقی ئەنجامی دەدات لە رووی رێنمایی و یاساوە، ئێمەش لە بانكی نیشتمان جێبەجێی دەكەین، سوودەکانیشی ئەمانەن:

ـ گشت پێشینەكان بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكاتەوە.

ـ دەرگا وڵا دەكات تا بانكەكانی هەرێم بكرێنە سیستەم.

ـ واڵاکردنی دەرگا بەڕووی دەرەوە و جیهان.

ـ کارکردن لەگەڵ ئەو بانكە نێودەوڵەتییانەی ئێستا كارمان لەگەڵ ناكەن.

ـ لە هەرێمى کوردستان 94 بانك هەن، بە کردنەوەى بانكی نیشتمان، رێژەی بەشێک لە فەرمانبەران كەمدەبێتەوە.

ـ بانكی نیشتمان ده‌بێته‌ دەرگایەک بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و دروستبوونی متمانە بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی.

ـ مانگانە 500 ملیۆن دۆلاری پاره‌ی نه‌وت لە رێگەى بانکە ئەهلییەکانەوە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌رجده‌كرێت، بانکى نیشتمان ئەمەش چارەسەردەکات.

سه‌باره‌ت به‌ بوونە ئەندامى بانکى ناوەندى عێراق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان،  روونیكرده‌وه‌، ئێستا بەهای دۆلار رۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە، هەموومان دەپرسین ئایا هۆكار چییە، هۆكارەكەی ئەوەیە بانكی ناوەندی رێژەیەكی كەم دۆلار دەخاتە بازاڕ، ئەگەر ئێمە ئەندام بین لە بانكی ناوەندی عێراقی و بە یاسا مۆڵەت وەربگرین، ئەو كاتە بانكی ناوەندی عێراقی رێژەیەك لەو دۆلارە دەداتەوە بە بانكی نیشتمان و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەیخەینە بازاڕ، وه‌رگرتنی دۆلار له‌ بانكی ناوه‌ندی عێراقی و خستنه‌ بازاڕی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی نرخی دۆلار.