لە عێراق هۆشداری دەرێت لە زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆلێرا

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی گشتی له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركووك ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون زیادیان کردووە.

د. سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک رایگەیاندوە، "رۆژانە ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە زیاد دەکات، تا ئێستا 55 حاڵەت داخڵی نەخۆشخانە بووە، هەموو نەخۆشەکان پشکنینیان بۆ کراوە و ئەوانەی کە نیشانەکانیان زۆر بە توندی لەسەر بووە دەرکەوتووە تووشی کۆلێرا بوون کە ژمارەیان 21 کەسە، ئەوانی دیکەش چاوەڕێی هاتنەوەی ئەنجامی پشکنینەکانین لە بەغدا".

لەلایەکی دیکەوە، لە نوێترین ئاماردا دەرکەوتووە کە 28 حاڵەتی کۆلێرا لە عێراقدا تۆمار کراوە، هاوکات هەریەک لە وەزارەتی تەندروستی عێراق و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی بەغدا هۆشداریان داوەتە هاووڵاتیان تا پابەندی رێنماییەکان بن بە تایبەت ئاگاداری خواردن و خواردنەوەکان بن و پاکوخاوێنی رابگرن، هاوکات لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێدەکات کە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی بەغدا ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن، بەمەبەستی بنەبڕکردنی ئەو حاڵەتە و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.