لە سریلانکا چی دەگوزەرێت؟

دوا بەدوای ئەنجامدرانی خۆپیشاندانەکان و هێرشیان بۆ سەر دامودەزگاکانی حکومەت، ئەوە راگەیەندراوە کە تەنها بەشی 2 بۆ 3 رۆژ نان و سەمون و سەرجەم بەروبوومە ئاردییەکان ماوە لە وڵات و چاوەڕێ دەکرێت بارودۆخەکە بەرەو خراپتر بچێت.

بەێی هەواڵێکی ئانی نیوز، بەرپرسانی رێکخراوی خاوەنەکانی ئۆڵ سەیلۆن ئاماژەیان بەوە داوە کە تەنها بەشی 2 بۆ 3 رۆژ نان و سەرجەم بەرهەمەکانی ئارد لە وڵات ماوە و دوای ئەو ماوەیە هیچ جۆرە نانێک لە وڵات نامێنێت.

هاوکات نیک جایاوەردینا، سەرۆکی رێکخراوەکە باسی لەوە کردووە کە نەبوونی سووتەمەنی، نەبوونی پێداویستییەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێتە هۆی قڕانی نان و سەمون. ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردووە کە سێکتەری فڕنگەریی روبەڕووی هەڕەشەیەکی جددی بووەتەوە و ئەگەری هەیە سێکتەرەکە لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵبوەشێتەوە.

پێشتر چی روویدابوو؟

سەرۆکی سریلانکا گۆتابایا رایاپاسکا رایگەیاندبوو کە رانیل ویکرێمێسینغ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستی لەکاردەکێشێتەوە. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر نیشتنگەی فەرمی سەرۆکی وڵات و ئۆفیسی تایبەتی.

دواجار رایاپاسکا ـی سەرۆکی وڵات لەگەڵ چوونە ژوورەوەی خۆپیشاندەران بە رێگەی پاسەوانییەکانییەوە لە کۆشک دەردەچێت و بۆ شوێنێکی دیکە دەگواسترێتەوە.

هەروەها باس لەوەکرا کە رایاپاسکا بریاری داوە لە 13ـی تەمموز دەستی لەکاربکێشێتەوە.

خۆپیشاندانەکان بۆ چی کرا؟

خەڵک بەهۆی بڕانی کارەبا بۆ ماوەی 13 کاتژمێر خۆپیشاندانی دەستپێکرد، بەتایبەتی لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە خۆپیشاندانەکان زیاتر بووبوون.

لە رۆژی 9ـی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حکومەتەکەی رایاپاسکا و خۆپیشاندەران لە نزیک ئۆفیسی سەرۆکوەزیران رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و پێکدادان دروستبوو.

دواجار بەهۆی پێکدادانەکانەوە قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرانسەری وڵات راگەیاند و فرمانی بە سوپا کرد کە ئازادە تەقە لە هەر کەسێک بکرێت لە حاڵەتی زیان گەیاندن بە دامودەگاکانی حکومەت. بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانی لەدەستداوە کە یەکێک لەوانە پەرلەمانتارە و دووشیان پۆلیسن، هەروەها بەلایەنی کەمەوە 250 کەسیش برینداربوون.