لە بەغداد هێرشکرایە سەر لقی پێنجی پارتی

لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغداد هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد و بەشێکیان ئاگرتێبەردا.

لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغداد هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد و بەشێکیان ئاگرتێبەردا.

هێرشەکە دوای گردبوونەوەی لایەنگرانی حەشد و شوێنکەوتووانی مەرجەعی باڵای نەجەف بوو بۆ چەند کاژێرێک بەهۆی تویتێکی کەسێک بەناوی د. نایف کوردستانی کە باسی لەوە کردبوو ئەو لەگەڵ "مەرجەعیەتی هیندی، فارسی و ئەفغانی دا" نییە.

ئەو کەسە کە وەکو "کادیری پارتی" ناسێندراوە پۆستەکەی سڕییەوە و داوای لێبووردنی کرد و وتی، "بەهەڵە تێگەیشتن هەبووە." پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تویتی ئەو کەسە گوزارشت لە رای کەسیی خۆی دەکات و "پارتی باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن هەیە."

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە و رادەستی لایەنی دادوەرییان کردووە.

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، ئازادیی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت کە دەستدرێژیی بکرێتە سەر هێما ئایینی و نیشتمانییەکان، هەر قسە کردنێک بەتایبەت لەسەر پێگەی مەرجەعیەت قبووڵکراو نییە و بێدەنگ نابن لەسەری. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ئەو پۆستە گوزارشت لە بیروڕای گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.