لە ئەگەری دەستکاری نەکردنی بەهای دۆلار پەرلەمانتاران دەنگ بە پڕۆژە یاساى بودجە نادەن

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد، ئەگەر لە بودجەی 2023دا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دانەبەزێنرێت ئەوا 100 پەرلەمانتار ئامادەی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە نابن.

عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆن سادیقونی نزیک لە عەسائیبی ئەهلی حەق، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق هۆشداری دەداتە وەزارەتی دارایی.

عەواد، جەختیکردوەتەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار خێراتر و کاریگەرتر کردووە.

ئاشکراشیکردووە؛ بەرەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی دابەزاندنی بەهای دۆلار بکەن بە مەرجی دەنگدان بە بودجەی ساڵی 2023 و تائێستاش نزیکەی 100 پەرلەمانتاریان کۆکردوەتەوە.

 ئەمە لەکاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراق، چەندین جار روونکردنەوەی داوە و سوربوونی خۆی لەسەر هێشتنەوەی بەهای دۆلار بە هەمان شێوەی ئێستا راگەیاندوە، جگە لەوەش لەرووى یاسایى و دەستوورییەوە تەنها بانکى ناوەندى دەتوانێت بەهاکەى دەستکارى بکات.