لەژێر چاودیری پۆلیس، قورئانی پیرۆزی سوتاند

کەسایەتییەکی توندی راستی دانیمارکی لە ویلایەتی لینکۆپینگی سوید، لەژێر چاودێری پۆلیس و بەردەم سەدان کەس قورئانی پیرۆزی سوتاند.

راسمۆس پالودان، سەرۆکی (ستریم کورس) کە گروپێکی توندی راستی دانیمارکییە، لە بەردەم سەدان کەس و لەژێر چاودێری پۆلیسی سوید لە ویلایەتی لینکۆپینگ قورئانی پیرۆزی سوتان و لەلایەن ئامادەبووانیشەوە کاردانەوەی توندی ئاڕاستەکرا.

راسمۆس پالودان دوای فڕەدانی بۆسەر زەوی، بەبێ گوێدان بە ناڕەزایەتییەکانی کەسانی دەوروبەر قورئانی پیرۆزی سوتاند.

لە رووداوەکەدا کە زیاتر لە 200 کەس ئامادەی بوون کە زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکەش موسڵمانن، دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبوویەوە و داوایان لە پۆلیس کرد رێگری لێبکرێت، بەڵام بەهۆی گوێنەدانی پۆلیس بە داواکارییەکانیان گرژی دروستبوو و بەرد و دار ئاڕاستەی پۆلیس کرا و رێگەیان بەڕووی هاتووچۆ داخست.

شایەنی باسە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا چەندین کەس لە هەردوولا برینداربوون و چەندین هاووڵاتییش دەستگیرکران.