لەمیانی خۆپیشاندانەکانی زیقار سێ کەس گیانیان لەدەستدا

جارێکی دیکە دۆخی ئەمنیی شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت و خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. لە خۆپێشاندانەکەدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا.

یەکێک لە داوای خۆپیشاندەران ئازادکردنى حەیدەر زەیدى، چالاکوانى مەدەنى بوو کە رۆژی 5ى ئەم مانگە بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە حەشدی شەعبی" لەلایەن دادگەوە سزاى سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

لەمیانی گرژییەکانی نێو خۆپیشاندانەکان کە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، تاکو ئێستا سێ کەس کوژراون و نزیکەی 20 کەسی دیکەیش برینداربوون.

محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمبارەیەوە بڕیاریدا لێژنەیەکى ئەمنى رەوانەی پارێزگاى زیقار بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و لێپرسینەوە و دەستنیشانکردنی ئەوانە کەمتەرخەم بوونە. هەروەها عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆ بڕیاری دا بە دوورخستنەوەى بەڕێوەبەرى پۆلیسى زیقار و لەبرى ئەو عەمید مەکى شەناع -ی بۆ ئەو ئەرکە راسپارد.