لەمساڵدا توركیا بەبەهای نزیک لە 8 ملیار دۆلار كاڵای رەوانەی عێراق كردووە

ئەنجوومەنی هەناردەكاران و وەزارەتی بازرگانیی توركیا بڵاویانكردەوە، لە نۆ مانگدا توركیا بە بەهای 17 ملیار و 432 ملیۆن دۆلار كاڵا و شتومەكی هەناردەی وڵاتانی هاوسێ كردووە.

بەگوێرەی ئامارێكی ئەنجوومەنی هەناردەكاران و وەزارەتی بازرگانیی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، هەناردەكردنی كاڵا و شتومەكی توركیا لە مانگی ئەیلوولدا بە بەراورد بە ئەیلوولی ساڵی رابردوو، لەسەدا 9.2 زیادی كردووە و بووەتە 22 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار. ئەمەیش بەرزترین ئاستی هەناردەكردنە تاكوو ئێستا لە مانگی ئەیلوولدا تۆمار كرابێت.

هەناردەكردنی كاڵا و شتومەكی توركیا بۆ هەریەک لە بولگاریا، ئێران، عێراق، جۆرجیا، سووریا و یۆنان كە هاوسێی توركیان لە كانوونی دووەمەوە تاكوو ئەیلوولی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو، لەسەدا 20.2 زیادی كردووە و بووەتە 17 ملیار و 432 ملیۆن و 205 هەزار دۆلار. لە كاتێكدا هەناردەكردن بۆ ئەو وڵاتانە لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو بە بەهای 14 ملیار و 501 ملیۆن و 334 هەزار دۆلار بوو.

بەرزترین رێژەی هەناردەكردن بە بەهای حەوت ملیار و 507 ملیۆن و 983 هەزار دۆلار بۆ عێراق بووە. بە بەهای سێ ملیار و ٤٢٨ ملیۆن و ٢٨١ هەزار دۆلار كاڵا و شتومەك بۆ بولگاریا، بە بەهای دوو ملیار و 169 ملیۆن و 207 هەزار دۆلار هەزار دۆلار كاڵا و شتومەک بۆ یۆنان رەوانە كراوە.

زۆرترین رێژەی هەناردەكردن بە بەهای دوو ملیار و 756 ملیۆن و 590 هەزار دۆلار لە كەرتی ماددە كیمیاییەكاندا بووە بۆ شەش وڵاتی هاوسێی توركیا، هەروەها بە بەهای دوو ملیار و 300 ملیۆن و 753 هەزار دۆلاریش "پاقلەمەنی، دانەوێڵە و تۆوە چەورەكان و بەرهەمەكانیان" و بە بەهای یەك ملیار و 697 ملیۆن و 625 هەزار دۆلاریش پۆڵا هەناردەی وڵاتانی هاوسێ كراوە.