لێژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمان: وەزیری پێشووی نەوت 68 داوای گەندەڵی لەسەرە

سەرۆکی لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە فەرمی داوامان کردووە رێگری لە چوونە دەرەوەی وڵات لە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوت بکرێت، بەهۆی تیوەگلانی لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی.

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە فەرمی داوامان پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کردووە سەبارەت بە رێگریکردن لە چوونە دەرەوەی ئیحسان عەبدولجەبار لە وڵات، ئەمەش بەهۆی بوونی 68 دۆسیەی تایبەت بە تێوەگلانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە دادگەی دەستپاکی کە تاکو ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە، کە وەزیری پێشووی نەوت خاوەنی دوو پاسپۆرتی وڵاتانی ئەوڕووپییە و بەمنزیکانە بەنیازە وڵاتی عێراق جێبهێڵێت و بەرەو دەرەوەی وڵات رابکات.

جێی باسە، ئەمڕۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونی حەیان عەبدولغەنی وەکو وەزیری نەوتی عێراق بەڕێوەچوو.