لولا دا سیلڤا بە سەرۆکی نوێی بەرازیل هەڵبژێردرا

ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەڕازیل بڵاویکردەوە، لولا دا سیلڤا وەکو سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.

لەمیانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەڕازیل سەروو 120 ملیۆن هاووڵاتیی بەڕازیلی مافی دەنگدانیان هەبوو و لولا دا سیلڤا بە بردنەوەی 50.9٪ـی دەنگەکان توانی بەسەر جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە سەربکەوێت و دوای زیاتر لە دەیەیەک جارێکی دیکە دەسەڵاتی وڵاتەکەی بگرێتەوە دەست.

لولا دا سیلڤای تەمەن 77 ساڵ بە داکۆکیکارێکی سەرسەختی پاراستنی دارستانەکانی ئەمازۆن و هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی هەژاری لە وڵاتەکەیدا دەناسرێت. پێشتریش لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2010 سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کردووە.

دوای جیاکردنەوەی 99.9٪ـی دەنگەکان، دا سیلڤا لەسەر سەکۆیەک قسەی بۆ دەنگدەرانی کرد و وتی، "ئەرکی هەرە لەپێش و گرنگ ئەوەیە کە دڵنیایی بدەین لەوەی هەموو منداڵێک، هەموو ژن و پیاوێک بتوانن هەموو رۆژێک نانی بەیانی، نیوەڕۆ و ئێوارە بخۆن".

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی بانکی جیهانی، لە سەردەمی دەسەڵاتی بۆلسۆنارۆدا کە ساڵی 2019 دەستیپێکرد، 9.6 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.