چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەكاتەوە كە كۆبوونەوەكەی شەممەی داهاتووی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئەنجام نادرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “فشاركردن بۆ ڕێكخستنی كۆبوونەوەیەكی ناتەواوی پەرلەمان لەڕووی مەرجەكانی رێژەی یاسایی و قایلبوونەوە، بەتایبەت لەلایەن گرنگترین پێكهاتە سیاسییەكان و سەربەخۆكانەوە، دەبێتەهۆی پێشێلكردنی مافی گەورەترین پێكهاتەی ڕۆڵەكانی عێراق و پەرتیاندەكات و شكۆیان وندەكات”.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوادەكات گفتوگۆبكرێت و هەمووان دووربكەنەوە لە “كورتكردنەوەی بابەتەكان لە كەسەكاندا و كوتلەبازی”، وەك ئاماژەیەک بۆ پێداگیریكردنی سەدر لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەو هۆكارانە وایانكردووە “چوارچێوەی هەماهەنگی پەنابباتەبەر سێیەكی پەكخەر كە توانای راگرتنی هەر پڕۆژەیەكی هەبێت كە زیان لە مافی پێكهاتەكانی گەلی عێراق بدات و هەر لادانێك لە ڕێڕەوی پرۆسەی دیموكراسی ڕووبدات هەوڵی ڕاستكردنەوەی بدات”.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەكاتەوە لەوەی كۆبوونەوەكەی رۆژی شەممەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ئەنجامبدرێت، سەرنەگرێت و بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران و تەواونەكردنی رێژەی یاساییەوە سازنەدرێت.
راگەیەندراوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەكاتێكدایە هاوپەیمانیی سێقۆڵیی سەدر – پارتی – سوونی، دەیانەوێت رۆژی شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە و دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێت، بەڵام تا ئێستا ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاریان نییە كە بریتییە لە دوو لەسەر سێ (220) پەرلەمانتار.