قیرغیزیستان و تاجاکستان رێککەوتنی ئاشتی واژۆ دەکەن

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تورموش-ی کازاخستان، رێککەوتنی پرۆتۆکۆڵیی ئاشتی لەنێوان قیرغیزیستان و تاجاکستان واژۆکراوە.

لەمیانی رێککەوتنەکەدا هەریەک لە کامشەبەک تاشیڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی قیرغیزیستان و سیمۆمین یەتیمۆڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تاجاکستان بەشداریان لە واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلی ئاشتی کردووە.

لەئەنجامی رێککەوتنەکەدا، بڕیاردرا بە رادەستکردنەوەی 4 پاسەوانی سنووری قیرغیزیستان کە لەمیانی شەڕ و ناکۆکییەکاندا لەلایەن هێزەکانی تاجاکستانەوە بەدیل گیرابوون.

جێی باسە، لە 14ـی ئەیلوولی ئەمساڵ گرژی و ناکۆکی لەنێوان پاسەوانی سنووری هەردوو وڵات ی دراوسێ دروستبوو، شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش لە شەوی 16ـی ئەیلوول دەستیپێکرد. کە زیانەکانی بەمشێوەیە بوو:

بەرەی قیرغیزیستان : کوژرانی 63 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس.
بەرەی تاجاکستان : کوژرانی 35 کەس و برینداربوونی نزیکەی 20 کەس.