قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان کۆبووەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان کۆبووەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان کۆبووەوە
0

لایک

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری دێلفی، لەگەڵ ئەندۆنیس گیۆرگیادیس، وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد لە بوارەکانی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و پیشەسازی خۆراکدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی ھە‌ینی 8ـی نیسان بەڕێوەچوو، باس لەوەکرا کە هەرێم و یۆنان لەڕووی کەلتوورییەوە لێکنزیکن هەربۆیە دەتوانرێت بە تایبەتی لەبواری گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان و کاری هاوبەش بکرێت.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە هاندان و کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی کرا کە بە هاوکاری کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کورد لە بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکدا وەبەرهێنان بکەن و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنانی.

هەرلە کۆبوونەوەکەدا کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان هەرێم و یۆنان و لەمبارەیەوە وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان رایگەیاند هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆمپانیاکانی فرۆكەوانی دەکەن هەم بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی هەرێم و هەم بۆ دەستپێکردنی هەرچی زووتری گەشتی راستەوخۆ لەنێوان هەرێم و یۆناندا.

ئەندۆنیس گیۆرگیادیس ئاماژەی بەوەشدا کە سەردانی هەرێمی کردووە و سەرسامە بە جوانی سروشتی هەرێم و هەرێم وەک سویسرای ناوچەکە سەیر دەکات، هەربۆیە دەتوانرێت هەرێمی کوردستانی عێراق ببێتە هەرێمێکی گەشتیاری لە هەموو ناوچەکەدا.

جەختیشی لە‌وە‌ کردەوە كە‌ هانی کۆمپانیا یۆنانییەکان دەدەن بۆ وەبەرهێنان لە ھە‌رێم.

قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەڵوێست و تێگەیشتنی وەزیری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنانی کرد و باسی لەوەشکرد کە راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە، بەڵام پلانی حکومەتی هەرێم بۆ لەمەودوا ئەوەیە زیاتر گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدات و بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە پلانماندایە سیستمی بانکی لە هەرێم رێک بخەینەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا هەر یەکە لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.