قایمقامیەتی هەولێر چەند رێنماییەکی تایبەت بە مانگی رەمەزان بڵاودەکاتەوە

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا چەند رێنماییەک بڵاودەکرێتەوە کە خۆی لە 10 خاڵ دەبینێت و یەکێک لەو خاڵانە چاودێریکردنی بەرزکردنەوەی نرخە لە بازاڕەکاندان.


لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجامدراوە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە و باسی لەوەکرد کە رێنماییەکان خۆی لە 10 خاڵ دەبینێتەوە.


هاوکات نەبەز عەبدولحەمید وتی، "بەر لە هەموو رەمەزانێک ئێمە پلانێکی تایبەتمان دەبێت بۆ پێشوازیکردن لەو مانگە پیرۆزە لە هەموو روویەکەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی رەمەزاندا شوێنە گشتییەکان تاوەک کاتی بەرەبەیان پڕ بێت، بۆیە پلانێکی تۆکمە دادەنرێت".


شایەنی باسە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر باسی لەوەکرد کە لەو مانگەدا چاودێری بازاڕ چڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی نرخی کاڵا و پێداویستی هاووڵاتییان بەرزنەکرێتەوە.


ئەو باسی لەوەشکرد کە یەکێک لە رێنماییەکان ئەوەیە شوێنی فرۆشتنی ماددە کحولییەکان و پیشکەشکردنی خواردن و خواردنەوەی ئاشکرا لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە دەکرێت.


بڕیار وایە چەند رێنماییەکی تایبەت بە مانگی رەمەزان رابگەیەندرێت کە خۆی لە 10 خاڵ پێکهاتووە.