فەیسبووک هاوشێوەی تویتەر هەزاران کارمەندی کۆمپانیاکەی لە کارەکانیان دەردەکات

کۆمپانیای فەیسبووک وەکو بەشێک لە دامەزراوەی مێتا کە لەلایەن مارک زوکەربێرگ بەڕێوەدەبرێت، رایگەیاند، بۆ ساڵی داهاتوو گرنگی دەدەن بە چەند بوارێکی دیاریکراو و سەرنج دەخنەسەر بەرەوپێشبردنیان، بۆیە لەئێستادا بڕیاردراوە 11 هەزار کارمەندی فەیسبووک لە کارەکانیان دەربکرێن.

مارک زوکەربێرگ، خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی مێتا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان و نوێکردنەوەی شێوازی کارکردن، بڕیاریداوە بە دەرکردنی 11 هەزار کارمەند لە کۆمپانیای فەیسبووک کە دەکاتە 13%ـی کۆی دەستی کاری کۆمپانیاکە.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای فەیسبووک تاکو مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، ژمارەی کارمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک 87 هەزار کارمەند بووە لەسەرانسەری جیهاندا.

مارک زوکەربێرگ دەڵێت، مێتا پلانی ئەوەی هەیە زیاتر سەرنج بخاتەسەر وەبەرهێنان لە چەند بوارێکی کەم و دیاریکراودا، بەتایبەت ئەو بوارانەی باوەڕیان وایە بۆ ساڵی داهاتوو دەبێت گرنگی زیاتریان پێبدرێت و بکرێن بە کاری لەپێشینە بۆ کارەکانی فەیسبووک.

لە هەنگاوێکی هاوشێوەشدا ئیلۆن ماسك، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڕیاری دوورخستنەوەی سەدان کارمەندیدا لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکەی و جەختیکردەوە کە دەیەوێت شێوازی کارکردنی تویتەر بگۆڕێت و ئەو بۆ برەودان بەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، کار بە بەرنامەی خۆی دەکات.