فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێری بڵاوکردەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، تائێستا (4219) زیانلێکەوتی لافاوەکەی هەولێر قەرەبوکراونەتەوە و لەئێستادا نزیکەی (200) ماڵی دیکەش قەرەبوو دەکرێنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "لە لافاوی یەکەمی هەولێر (857) ماڵ و (222) ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتوە و بەسەر سێ ئاستدا دابەشبون".

دەشڵێت، "ئاستی یەکەم لە نیو ملیۆنەوە بۆ چوار ملیۆن و (500) هەزار دینار بوە و لافاوی دوەم و سێیەمیش دو هەزار و (856) ماڵ بوە".

وتیشی، "قەرەبوکردنەوەکان بەپێی هەڵسەنگاندنی لیژنەکانەوە دەبێت و لە (100) هەزار بۆ دو ملیۆن دینار دەبێت بۆ ماڵان و یەك ملیۆنیش بۆ دوکان".

باسی لەوەشکردوە، "خێزانە زیان لێکەوتوەکان پێداویستی ناو ماڵییان پێدراوە و لە ئێستادا (200) ماڵ و دوکان و زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل لە پرۆسەی قەرەبودان".

لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەهۆی بارانی بە خوڕەوە لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر دروست بوو، بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر بەر هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکانە کەوتو و 11 کەسیش گیانیان لە دەستدا.