فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: شنگال ئارامە و کۆتایی بە دیاردەی چەکداری هاتووە

فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەمیانی سەردانیکردنی شنگال رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵیانداوە رێگە سەرەکییەکان لە شنگال بگرن، بەڵام کۆتایی بەو "دەستدرێژی"یانە هات. وتیشی، "ئێستا دۆخی شنگال ئارامە و کۆتایی بە دیاردەی چەکداری هاتووە."

رۆژی سێشەممە 03-05-2022، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق کە پێکهاتبوون لە عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق گەیشتنە شنگال و ئەو شوێنانەیان بەسەرکردەوە کە لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنتڕۆڵکراون.

پاش سەردانەکە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "سوپا و پۆلیس لەنێو قەزای شنگال-ن، ئێستا شارەکە ئارامە و دیاردەی چەکداری تیادا نییە".

جێی باسە، لە 09-10-2020 بەغداد و هەولێر(ئەربیل) لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاكە لەڕووی كارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی هاوبەش رێككەوتن، بەڵام هێشتا لەڕووی ئەمنییەوە چەندین هێزی سەرباز لەو ناوچەیە هەن، کە ئەوانیش بریتین لە: هێزی پاراستنی ئێزیدخان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە.