فینلەندا بە فەرمی نیازی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ راگەیاند

ئەمڕۆ یەكشەممە 15-05-2022، حکومەتی فینلەندا بە فەرمی نیازی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ راگەیاند.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە مانگێک لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە لە رۆژی 24ـی شوبات ئەنجامیدا، جوڵەی چوونە ناو ناتۆ لەلایەن فینلەنداوە دەستی پێکرد، کە ئەمەش گۆڕانکاریەکی گەورە لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا نیشان دەدات.

پێشتر ئۆفیسی سەرۆکایەتی فینلەندا رایگەیاندبوو، ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆندا قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، هاوتا رووسییه‌كه‌ی کردووە و لە بابەتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ ئاگاداری کردووەتەوە و کۆشکی کرێملین-یش لە راگەیەندراوێکدا بەمشێوازە باس لە وەڵامی سەرۆکی رووسیا دەکات، "سەرۆک پوتین بە سەرۆکی فینلاندی وتووە، وڵاتەکەت هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نەبووە، بەڵام بە بوونە ئەندام لە ناتۆ، چیتر وڵاتێکی بێلایەن نییە و ئەم هەنگاوە هەڵەیە. ئەم هەنگاوەی فینله‌ندا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەبێت".