عێراق: چەند ساڵێکە گەنم لە ئۆکراینا و رووسیا ناکڕین

وەزارەتی بازرگانی عێراق زانیارییەکانی ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی رەتکردەوە کە بڵاوی کردبووەوە، گوایە عێراق گرێبەستی کڕینی گەنمی ئۆکراینی لە رێگەی ڕووسیاوە کردووە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا ھاتووە، عێراق ساڵانێکی زۆرە مامەڵەی کڕینی گەنمی لەگەڵ ئۆکراین و روسیا نەکردووە، گرێبەستەکانی ھاوردەی گەنمی لەگەڵ ئوسترالیا  وکەنەدا و ئەڵمانیا ئیمزاکراوە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکە، وەزارەتی بازرگانی جەختیی لەوە کردۆتەوە "ھەوڵدەدەن دۆسیەی شایستەییەکانی جووتیاران بۆ ساڵانی رابردوو، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکەن.

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، عێراق بۆ ساڵی داھاتوو ھاوردەی گەنمی بە ڕێژەی ١٠٠٪ زیاد بکات.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا ھاوردەی عێراق لە بەرھەمی گەنم بگاتە سێ ملیۆن تۆن، لە کاتێکدا لە ٢٠٢١دا ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار تۆن ھاوردە کراوە.

رێکخراوەکە پێشبینیشی کردووە، بەرھەمی گەنمی وەرزی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن، بەڵام پێشبینیش ناکرێت عێراق ئەمساڵ ھیچ بڕە بەرھەمێکی جۆ ھاوردە بکات، لە کاتێکدا کە بەرھەمی ئەمساڵی جۆ زیاترە لە ٥٠٠ ھەزار تۆن.