عێراق.. هۆشداری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی فراوان له‌دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار ده‌درێت

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هۆشداری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی فراوان له‌دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار ده‌دات.

عائید هیلالی سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایده‌گه‌نێت، خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆی به‌رده‌م بانكی ناوه‌ندی عێراقی هیچ باكگراوندێكی سیاسی و ئه‌جێندایه‌كی له‌پشته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو خۆپیشاندانێكی خۆرسكه‌ و به‌هۆی دابه‌زینی به‌های دینار كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی تووشی زیانێكی زۆر بووه‌ و نرخی كاڵا و شتومه‌ك گران بووه‌.

هیلالی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ ئانوساتی شكستی حكومه‌ت له‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی به‌های دۆلار گرتوویه‌تیه‌به‌ر و نه‌توانێت بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ دۆخی پێشووی، ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی خۆپیشاندانی فراوانتر بكه‌ین و ئه‌وكات ده‌ستی سیاسی و ئه‌جێندای ده‌ره‌كیش تێكه‌ڵیان ده‌بێت.