عێراق لەگەشەی بەرهەمی ناوخۆدا یەکەمی وڵاتە عەرەبییەکانە

بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2022 عێراق ببێتە یەکەمی وڵاتانی عەرەبی لە هەردوو بواری گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و تێكڕای زیادبوونی داهاتی تاک، بەجۆرێک لەم کاتەدا گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی 8.9%ـی تێپەڕاندوە.

بانکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتی مانگی نیسانی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا عێراق گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی 8.9%ـی تێپەڕاندوە و پێش سەرجەم وڵاتانی عەرەبی کەوتووە، لەوانەش پێش قەتەر کەوتووە کە گەشەی بەرهەمی ناوخۆی 4.9% یە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی سعوودیە لەئێستادا 7%ـە، کوەیت 7%، ئیمارات 4.9%، جەزائیر 3.2%، میسر 5.5%، ئودرن 2.3% و مەغریبیش گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی 4.3%ـە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت گەشی بەرهەمی ناوخۆی عێراق و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی جگە لە میسر بۆ ساڵی 2023 دابەزین تۆماربکات.

بانکی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق لە ئاستی گەشەی داهاتی تاک لەکۆی بەرهەمی ناوخۆییشدا یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە و لەم ساڵدا گەشەی داهاتی تاک 6.3% زیادکردووە، لەپلەی دوەمیشدا سعوودیە دێت کە گەشەی داهاتی تاک لەو وڵاتەدا 4.5%ـە.

لەراپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەمساڵ گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا 5.2% بوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو رێژەکە بە تێکڕا 3.3% بوو.