عێراق لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک چەند بڕیارێکی دەرکرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، فەرمانی کردووە بە هێزە ئەمنییەکان هەموو ئەو کەسانەی قۆرخکاری دەکەن و بەبێ هۆکار نرخی مادە خۆراکییەکان بەرزدەکەنەوە، رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها بڕیاردراوە بە گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی زیاتری ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی لەبازاردا کەمبوونەتەوە.
ئەنجومەنی وەزاری عێراق تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە، ئامانجی کۆبونووەکە تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی، ئاسایشی خۆراک، کاریگەرییە جیهانییەکان لەسەر بەهای خۆراک و گەرەنتیکردنی بەردەوامی بازرگانی بوو، هەروەها لەکۆبونەوەکەدا باس لە بەرزبوونەوەی بەهای مادە خۆراکییەکان و بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کراوە.
نوسینگەی سەرۆکوەزیران لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، سەرۆکوەزیران هێزە ئەمنییەکانی راسپارد رووبەڕووی ئەوان ببنەوە کە بەنایاسایی نرخی خۆراک بەرزدەکەنەوە، هەروەها بازرگانی نایاسایی بە خۆراکی هاووڵاتیانەوە دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
باس لەوەشکراوە، بڕیارەکانی پێشوتری ئەنجومەنی وەزیران کاریگەری هەبووە لەسەر دابەزینی بەهای خۆراک بۆ هاووڵاتیان، بۆیە مستەفا کازمی داوای کرد چاودێری وردی بازار بکرێت، هەروەها بەشەخۆراکی هاووڵاتیان لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و ئەو مادانەش کە لەکۆگاکاندا کەمن، هەوڵ بدرێت هاوردەبکرێن یان لەناوخۆدا بکڕدرێنەوە.
لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیاردراوە بە ئامادەکردنی کۆگاکان بۆ وەرزی دروێنە و دروستکردنی کۆگای نوێ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، هەروەها ژمارەیەک بڕیار و رێنمایی نوێش سەبارەت بە چەند پرسێکی دیکەی ئەنجومەنی وەزاری تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی دەرچوون.