عێراق سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەكانی هەرێم دادەمەزرێنێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ دامەزراندنی یەکەمەکان خوێندکارانی ناو هەرێم دەگرێتەوە کە لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان تەواویان کردووە و دانیشتوی هەرێمن.

د. بڕیار رشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛ بۆ بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، لەگەڵ مەحمود تەمیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەتەوە.

وتیشی: ئەنجومەنی راژە نوسراوی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کردووە و ئەوانیش نوسراوەکەیان ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم  کردووە، دواتریش وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم ناوەکانی ناردۆتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ناوەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی راژەی گشتی و کارەکانیان تەواو ببێت بەمەبستی دامەزراندن.